چەن سەرنجێکی گشتی لە سەر شیعر / دوکتۆر محەمەد یەعقووبی

 

 

بابەتی شیعر وەک یەکێک لە سەرەکیترین بەشەکانی هونەر و ئەدەب هەر لە ئەفلاتوونەوە تا ئێستا جێگای مشت و مر و باس و خواست بووە و ئاوێکی زۆری بە خۆوە هەڵگرتووە و بە پێی ئەوەی ئێستایش هەر ئەو جێگایەی خۆی پاراستووە و بە تایبەت لە دونیای سایبیری ئەمڕۆدا کە ئەکرێت زمان و ئەدەبی میللەتێک لە زووترین کاتی شیاودا لە هەموو جیهاندا بڵاو ببێتەوە بایەخی ئەوەی هەیە.
ئێمەیش بە چاوێکی ڕەخنەگرانە و گشت لایەن بینەوە دووبارە خوێندنەوەیەکی خۆمان لە سەر ئەو بابەتە گرینگە بکەین و بزانین وەک شاعیر یان شرۆڤەکاری شیعر خەریکین بەرەو چە ئاقارێک دەڕۆین و ئایا ئەم ڕێگایە دەبڕدرێت بەرەو ئاقارێکمان دەبات کە شێوازی شیعری تایبەت بە چەرخ و سەدە و زەمەنی خۆمان خولقاندبێت و هەر چەن پاتبوونەوەو و ڕشانەوەی دەربڕینەکان و واتاکان و شێوە دەربڕینەکانی پێشینیانی خۆمان نەبین و ئێمەیش جێپەنجەی خۆمان لەسەر مێژووی شیعری خۆمان دانا بێت و پردێکمان بۆ پەرینەوە بەرەۆ ئاسۆ دیار و نادیارەکانی نەوەی داهاتوو سازکردبێت و کە ئەوانیش لە داهاتوودا کاتێک شیعری ئەم سەردەمە و چەرخەی ئێمەیان خوێندەوە
بزانن ئێمە لە جیهانێکی مودیڕندا ژیاوین کە تایبەتمەندییەکان و بایەخەکان و دیاردەکان و چەمکەکان و داخوازی و کەڵکەڵە دەروونییەکان و خەم و پەژارەکانی سەردەمی خۆمان هەبووەو و ئێمەیش لە سەردەمی ژیانی خۆماندا زمانی شیعری تایبەت بە خۆمان ئافڕاندووەو و ئیتر کەمتر لاسایی و دووپات کەرەوەی شاعیرانی سەردەمە پێشوەکان بووین.
دیارە ئێمە هەر بەو جۆرە چەشنی ژیانمان و شێوازی هەڵس و کەوتمان و زۆرێک لە ئاکارەکانمان و دونیابینیمان و بیر و هزرمان و دیاردەکانی دەوربەرمان و کەرەستە و ئامێرەکانی دەوربەرمان گۆڕانیان بەسەر دا هاتووە سرووشتیە زمانی شیعریمان و جۆرەکانی دەربڕینیشمان ئاڵ و گۆڕی بە سەردا بێت و شیعرییەت و ئەدەبییەتی ناواخن و ناوەڕۆک و واتا و بارە هزری و فیکری و دەربڕین و دەستە وشەکانمانیش هەروا هی سەردەمی خۆمان بێت و مودیڕن بوون و تازەبوونی پێوە دیار بێت.
زۆر جێگای سرنجە کەسێک ئێستا شاعیر بێت و بتهەوێت شیعرەکەی بخوێنیتەوە ئەگەر نێوەکەی لە سەر دەقە شیعرییەکەی بسڕیتەوە کەس نازانێت شاعیری ئەمڕۆیە و وادەزانێت هاوچەرخی خانی یان مەلای جزیری یان نالی و مەحوی و خانای قوبادی و مەولەوی و کاک شیرکۆ یان مامۆستا پەشێوە و هیچ کام لە توخم و رەگەز و خەم و خولیا و زمان و دەستە وشە و چەمک و تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی ئێستای پێوە دیار نییە.
ئەمە وەک پەتایەک پێویستە چاوی لێبکرێت و ئەخوازێت ئەوانەی خۆیان بە شاعیر ئەزانن بە شوێن زمان و شێوە دەربڕین و چەمک و دەستەوشەی خۆیاندا بن و دیاردە و باس و کەرەستە و شێوەڕوانین و بیر و مێژوو و کارەساتەکانی ئەمڕۆکەی خۆیان بشعرێنن و بیخەنە چوارچێوەی ئەدەب و زارێکی تایبەتی ئەمڕۆکەیی ئەدەبەوە و لە داهاتوودا کاتێک شیعرێکی ئەمانیان خوێندەوە بزانن شیعری کەسانێکە لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەک و لە هەزارەی سێهەمدا ژیاون و ئەوانیش بتوانن لە ڕێگای زمانە شیعرییەکەی ئەمانەوە خوێندنی خۆیان لە سەر ئێمە و کۆمەڵگای ئەمڕۆیی ئێمە بکەن و تووشی دواکەوتوویی و تەئەخوری مێژویی نەبین.
زمانی شاعیرانی پێشوومان زمانحاڵی سەردەمی خۆیان بووەو ئێمە ئێستا ئەتوانین لە ڕێگای زمانە شیعرییەکەی ئەوانەوە خوێندنەوەی کۆمەڵگای ئەوان و شێوە زمان و شێوەزاریان و شێوە نیگایان بۆ مرۆڤ و دەوروبەر و ئافرەت و ئایین و خودا و ئاسمان و…. بکەین
بۆیە پێویستە ئەمەیش هەر بۆ خۆمان کە لەم سەردەمەدا ئەژین لە پێش چاو بگرین.دیارە مەبەست پچڕان و جیا بوونەوەی تەواو لە مێژوو و کلتووری خۆ نییە و هیچ زەمەنێک نییە تەواو لە ڕابردووی خۆی پچڕا بێت و زەمەنەکان نادیارانە شتێک پێکەوە پێوەندییان دەدات بەڵام خۆ ئاڵ و گۆڕەکانی ئەم دوو دەیەیە بەناوبانگە کە بە قەد هەموو ئاڵ و گۆڕ و پێشکەوتنەکانی دونیای رابردوو گشتی دەبێت کە وایە پێویستە شیعریش زمانحاڵی ئەم گۆڕانکاری و ئاڵ و گۆڕە جۆراوجۆرانەبێت.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *