خوێندنەوەیەکی ئانترۆپۆلۆجیانەی چەن بەیتی فۆلکلۆری ناوچە گەرمەسێرییەکانی کرماشان / محەمەد یەعقووبی

 

 

 

ئەگەر بمانهەوێت لێکدانەوەی ئەدەبی ئەو شیعرانە کە زۆر زمانەکەیان ساکار و سادەیە بکەین بگرە زۆر شتێکمان بە دەستەوە نەدات بەڵام ئەوەی زۆر گرینگە ئەوەیە لێکدانەوەی ئەو بەیتانە لە چاویلکەی ئانترۆپۆلۆجیا یان مرۆڤناسی یان کۆمەڵناسی و دەروونناسیەوە ئەتوانێت ڕوونکەرەوەی زۆر شتێک لە یاسا و داب و نەریت و شێوەژیان و شێوازی ڕوانینیان بۆ گەردوون و دونیابینی و نیگایان بە هاوماڵ و بە ئافرەت و بە مرۆڤ بە گشتی بێت و  لێیان ئەو دەرهاوێشتانە دەربێنین.

ئەم لێکۆڵینەوەیە لە نیگای ئانترۆپۆلۆجیاوە چاو لەو بەیتانە دەکات و هەوڵدەدات لەو ڕوانگەوە تا ڕادەیەک بۆی بکریت هەڵیانجێنێت. ئانترۆپۆلۆجیا بوارەکانی ژیانی مرۆڤە کەونینەیبەکان و زۆر بیداییەکانی خستوەتە بەر باسو و لێکۆڵینەوە و زانستێکە بۆ وەسفی میللەتەکان و ناسینیان و بۆ ناسینی فۆلکلۆرەکانیان و زمانەکانیان. ئانترۆپۆلۆجیا قووڵە و خۆی ڕەسەن و ئەسڵە و نوێنەری بنچینە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و سرووشت و پێوەندی لە گەڵ سرووشت و و ئەوی دی و ئاسمان و میتافیزیک و ئایین و ئوستوورە و پێوەندی لە گەڵ سیستەمە سیاسییەکان و پێوەندی لە گەڵ عەشیرە و خێڵ و دەوروبەرو لە گەڵ تەواوی بوارەکانی ئابووری و کلتورییە.

ئانترۆپۆلۆجیا کۆمەڵگا نەریتییەکان وەسف و شیکاری دەکات. راڤەی دیاردەی شیعری کۆن لە سەرچاوکەی ئانترۆپۆلۆجیاوە ڕەگەزمەند کردن و وەچەمەندکردنی بناوەکانی دەرکەوتنی ئەو شیعرانەیەو لە واقیعدا هێزێکە بۆ وەدەرخستنی سەرچاوکەکانی ئەو شیعرانە. فەرهەنگ کە لە بێچمگرتنی واتا لە سیمبول و هێماکانی زماندا سازدەبێت خۆی دیاردەیەکی زمانی و واتامەندەو تێگەیشتن و کرداری ئەندامانی نێۆ ئەو فەرهەنگە هاوبەشە دیاری دەکات( یەعقووبی، بینندە، ۱۴۰۱) لەم نووسینەدا سیستەمی واتایی شیعرەکان ئاشکرا دەکرێن و هێما و نیشانەکان و دەردەخەم و توێژەکانی شیعرەکان هەڵدەدەمەوە.

لێرە هەڵناگرێت هەموو بنەماکانی ئانترۆپۆلۆجیا باس بکەم و هەر بەم پێیە دێمە سەر خوێندنەوەی ئانترۆپۆلۆجیانەی شیعرەکە. شیعرەکە وادەست پێدەکات: گەرمەسیر نیشان گەرمەسیرداران لە خەو هیزبگرە لە خشەی واران شاعیر لێرەدا کە ناوی گەرمەسێر دێنێت بە بیری ناوچە و دەڤەری کەس و کار و خۆشەویستەکەیەوە دەست پێدەکات و بە جۆرێک هاودڵی و هاوسۆزی و وت و وێژ دەست پێدەکات و گەرمەسێر و وەک هۆکاری و بیر هێنانەوەی خۆشەویستەکەی دادەنێت و لە بیری شەوێک یان بەیانییەک سووحی زووە کە باران دەستی پێکردووە و دەنگی بارانەکە کە لە سەر چیخ و بانی ڕەش دەوارەکان دەدات جۆرێک مۆسیقای بارانی دەخولقێنێت و دەڵێت بەو دەنگ و خشەی خۆشی بارانەوە کە گوێنەوازە لە خەو هەستن دیارە بەشێکیتری ناوەوەی ئەم شیعرە ناڕاستەوخۆ باس لە شێوەژیانی گەرمەسێرییەکاندەکات کە لە دەشتەکاندا چیخ و ڕەش دەوارەکانیان هەڵداوەو لە داوێنی پاکی سرووشت دەژین دوایی کە دەڵێت گەرمەسیر خۆشە سیەماڵ خۆشە ئیمشەو مانگەشەو لە پەڕ پەچییەکەی شوان ها لە خەو بیلا بخەفی شوان شەکەتە سوو تا ئیوارە کوێوەو هەڵەتە.

باس لە ڕەشماڵان و رەش خێوەتەکانی خێڵەکەی دەکات و شێوە ژیانیان کە ژیان لە نێۆ ڕەشماڵانە وەسف دەکات و شەوێکی مانگەشەو لە سەر خێوەتەکە و بیر دێنێتەوە ئەوەمان بۆ باس دەکات کە یەک کەس ڕەنجی زۆری لە ئەستۆ بووە ئەویش شوانی مەڕەکانە کە لە سوچێکی پەچە و پەرژێنی ئاژەڵەکان نێزیک لێیان نووستووە لە هەمان کاتدا پارێزەری ئاژەڵەکانیشە بەڵام شاعیر دەڵێت لە خەوی ڕامەچڵەکێنن چونکوو بەشی زۆری ئیش و کاری ئەوان لە ئەستۆی شوانەکەس و شوانەکە سوح تا ئێوارە کەژ وە کەژ و هەڵەت بۆ ئەو هەڵەت مەڕوماڵاتەکە بە خێۆ دەکات شیعرەکە لە گەڵ ئەوەی بەشێک لە جوانی ژیانی ڕەشماڵان وەدەردخات وەک بیستنی سرووشتی دەنگی باران و هەڵهاتنی مانگ بۆ سەر خێوەتەکەیان بەشێک لە ڕەنجی ئەو ژیانەیش وەدەردەخات کە هەڵەتەو هەڵەت کردن و کەژەوکەژ کردنی شوانەکەو نووستنی لە گۆشەی پەچەی ئاژەڵەکاندایە تا بێیان پارێزێت و دیسان شێوە ژیانی ئاژەڵداری و شوانییانە کە وە بەرچاوی دەخات.

دوایی دەڵێت کۆمار بگریم و کونە لە بانی جامە ڕەقەکە بنێمەو شانی لێرەیش بەشێکیتر لە شێوەژیانی ڕەشماڵەکانی گەرمەسێر باس دەکات و پێمان دەڵێت ڕەشماڵان بۆ ئەوەی ئاوی پاک و فێنک و چێیگیان هەبێت لە کۆمار یان تەرواڵە کەڵک وەردەگرن تەرواڵە سازدەکەن چونکوو لە زەوی بەرزە و بای فێنکی شەوانە لە سەرو لە ژێریەوە هاتوو چۆدەکات و ئاوەکە فێنک دەبێتەوە و جگە لەوەیش خاوێنی کونەکەیش دەپارێزێت لە پاڵ ئەمەیشدا پێمان دەڵێت کونە ئامێرێکە ڕەشماڵان لە پێستی ئاژەڵەکانی خۆیان درووستی دەکەن بۆ جێگای ئاو کە لە گەرمەسێردا ناهێڵێت ئاوەکە گەرم ببێت و ڕەشماڵان بۆ هیچ شتێکیان پێداویستیان بە کەسانیتر نییە چونکوو خۆیان بەڕێوەبەری ژیانی خۆیانن و هەموو پێداویستییەکانی خۆیان لای خۆیانەوە دابین دەکرێت.

دیسان دەڵێت جامێک ڕەق لە تەنیشت کونەکە دائەنێن تاکوو تینوەکان بەوە ئاو بخۆنەوەو کەسانی دی لە خەو ڕانەچڵەکێنن. دوایی لە دوودانە لە داهاتەکانیان ناو دەبات و دەڵێت دویشاو ڕوێنیتان گشت بکێین قاتی بکەینەی هیزەو ئەڕای سەوغاتی. دۆشاوو ڕۆن دوو دانە لە دەستکەوت و داهاتەکانی ڕەشماڵانن کە پێکەوە خواردنیان زۆر خۆشە و هێز و توانای جەستەیی مرۆڤەکان دابین دەکات و لە پاڵ ئەمەیشدا جۆرێک لە خەسڵەتی بەخشندەیی و گەورەیی ڕەشماڵەکانمان بۆ باس دەکات کە ڕەشماڵەکان لەو دەستکەوت و دەستکردی خۆیانە وەک سەوقاتی بۆ خەڵکانیتر دەبەن.

دیسان کە لە هیز یان خییە بۆ جێگای ڕۆنەکە کەڵک وەردەگرێت پێمان دەڵێت کە ڕەشماڵەکان تەنانەت جێگای ڕۆن و دۆشاوەکەیشیان هەر سازکراوەی دەستی خۆیانە. وەسفەکە درێژە پێدەدات و دەڵێت گەرمەسیر سفرەی دەوڵەمەنانە جای بەزم و شادی جێگای خانانە لێرەیش بابەتێکی گرینگمان وە دەس دەخات ئەویش ئەوەیە گەرمەسێر وەک سفرەی ڕازاوەی دەوڵەمەنەکان دەشوبهێنێت و پێمان دەڵێت کە خەڵکی دەڤەری گەرمەسێر خەڵکێک دەوڵەمەن و ماڵ و کیان دارن و بە هۆی دەوڵەمەنییانەوە گەرمەسێر بووەتە حێگای شایی و بەزم و سەیرانگای خانان چونکوو ئەگەر دەوڵەمەندنەبان دیارە لە گەرمەسێر ژیان بە هۆی گەرماوە سەخڵەتە بەڵام سفرەی ڕازاوەو ژیانی باش و دەوڵەمەنانە ناهێڵێت ئەو شتە زۆر خۆی نیشان بدات و جگە لەمانەیش دیسان سەربەخۆیی ئابووری خەڵکی کوردەواری گەرمەسێرمان و بیر دێنێتەوە.

دوایی شیعرەکە بەرەو لایەنی غەزەڵ و عیشق دەڕوات و دەڵێت خۆزیمەو خۆتان خۆش وهاڵتان سەوزە و پای خۆی تێتە ماڵتان دیارە خۆشەویستی لێرە خۆشەویستییەکی خاوێن و پاک و عەفیفەو بە حەسرەتەوە دەڵێت خۆزگە بە ئێوەو خۆش بە خاڵی ئێوە کە سەوزەی مەکین و حوان بە پێی خۆی بۆ ماڵتان دێت دیارە هاوماڵی نێوان ڕەشماڵەکان زۆر باشە کە ئیزن دەدرێت کچانی هاوماڵ بۆ ماڵی یەکدی بچن.

هەڵبژاردنی سەوزە بۆ خۆشەویستەکەی جۆرێک لە جوانیناسی ئەو خەڵکەمان بۆ ودەر دەخات کە ڕەنگی پێستی جوانی هەڵبژێردراو لای ئەوان سەوزەی گەنم ڕەنگە. دوایی بە وەسفێکیتر لە ڕەشماڵان شیعرەکە دوایی پێدێت و جوانییەکمان بۆ وەدەردەخات و دەڵێت گەرمەسیر خۆشە هەر ڕوژ مینەینوو هاڕەی وەرک لە ماڵ شاقەی کەوک لە کوو گەرمەسێر بە شوێنێک پێناسە دەکات کە هەر ڕۆژ جێگای مانەوەو ژیانی خۆشە و باڕەی بەرخ لە نێۆ ماڵ و قاسپەی کەوان لە کەژو کێۆ ئەوەندەیتر جوانی بە ژیانی ڕەشماڵانی گەرمەسێر دەبەخشێت. ناتوانم ئاماژە بەوە نەکەم کە یەکێک لە کارکردەکانی ئەم بەیتە فۆلکلۆرانە ئەوەیە زمان بە باشی دەپارێزن چونکوو بە درێژایی زەمەن گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت و وەک خۆیان دەمێننەوە

دیدگاه‌ها: ۱ دیدگاه

  • آ.کریمی

    بژیت کاک دکتۆر

    8 شهریور 1401 / 11 : 11 پاسخ

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *